نوچەنێت
لیندزی گراهام، سیناتۆری پارتی کۆماری رایگەیاند، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ خودی ئەردۆغان بە بەرپرسیار دەزانین.
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی رابردوو رایگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی تەلۆنییان ئەنجامداوە. لەم پەیوەندییەدا سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی بە ترەمپ داوە، کە هێرش نەکاتە سەر کۆبانێ.
وێڕای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، لە ڕۆژی رابردووەوە سوپای تورکیا، بۆردوومانی گوندەکانی سەر بە شاری کۆبانێی دەست پێکردووە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری پارتی کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆسەر کۆبانێ دەڵێت، ئەردۆغان بەڵێنی داوە، کە هێرش نەکاتە سەر کۆبانێ و لە تویتێکدا نوسیویەتی”من دوێنی بەشداربووم لە پەیوەندییەکەی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک ئەردۆغان و سەرۆک ترەمپ، کە تێیدا سەرۆک ترەمپ بەڵێنی لە سەرۆکی تورکیا وەرگرت، دوورکەوێتەوە لە ناوچەی کۆبانێ بۆ ئەوەی پێشگیری لە گرژی زیاتر بکرێت لە سووریا. ئەگەر تورکیا بەردەوامبێت لە گرتنی ناوچەکان لە دەورووبەی کۆبانێ، من ئەوە وەکو شکاندنی پەیمانەکانی سەرۆک ئەردۆغان و گرژییەکی گەورە دادەنێم. من دڵنیام کۆنگرێس و حکوومەتی ئەمریکا بەرپرسیاریێتی دەخەنە ئەستۆی خودی ئەردۆغان لەهەر کارێکی وەحشیگەرانە لە کۆبانێ و دەورووبەری ئەنجامبدرێت. ئامۆژگاریم بۆ تورکیا ئەوەیە کە بوەستێت پێش ئەوەی بەتەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، وێران بکات”.