بەرپرسێکی پێشمەرگە: عه‌بدولمه‌هدی له‌ مەترسییەکان تێگەیشتووە

0

نەوزاد عەلی-سلێێمانی

بەرپرسی میحوەری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە دەرفەتێک بڕەخسێنێت، بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی، کە پێویستن.  

رۆژی یەکشەممە ١٣-١٠-٢٠١٩، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی كێشەكان، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی شۆڕش ئیسماعیل، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق كۆبوونەوە.                      

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری کەرکوک، لە بارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەره‌کان، رایگەیاند “لە دوو رۆژی رابردوو شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بەغدایان کردووە، داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە دەرفەتێک بڕەخسێنێت، تاکو هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی، کە پێویستن و بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراقدا بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بۆئەوەی کێشە و گرفتی گەورە درووست نەبێت”.

بەرپرسی میحوەری کەرکوک، هیواشی خواست بەرپرسانی عێراق لە مەترسییەکان تێبگەن. دەشڵێت “پێموایە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە هەمان کاتدا، کە بەرپرسی هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراقە، ئەو باش تێگەشتووە، لەو بڕوایەدام، کە ئێستا باشتر تێگەیشتبێت، چونکە بە عەقڵێکی حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد و سەرۆک بارزانی کردووە”. 

نوری حەمەعەلی گوتیشی “سەرۆک وەزیرانی عێراق باش تێگەیشتووە، بەتایبەتی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لێکتێگەیشتنێکی تەواو هەبێت، بۆئەوەی نەهێڵین ئەو ڕووداوە خراپانەی لە رابردوو زیانیان بە خەڵکی عێراق و هەرێم گەیاندووە دووبارە ببنەوە”.                               

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com