نوچه
ئەمڕۆ (سێشهممه ١٥-١٠-٢٠١٩) هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەقی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەبارەی هاتنی سوپای سووریا بۆ چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەم ڕێککەوتنە بەپەلەیەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا دوای ئەوە هات، کە تورکیا بە یارمەتیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سووریا لە 9-10-2019 هێرشێکی فراوانی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار هاونیشتمانی ئاوارەبوون، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی ئەو هێرشەی تورکیان، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکەی.
راگەیەندراوەکەی هەسەدە واژۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی بەسەرەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە هەسەدە رازی بووە هێزەکانی سوپای سووریا دەسەڵاتیان لە تەواوی ناوچەی عەین دیوار لە ڕۆژهەڵات بۆ جەرابلووس لە ڕۆژئاوا هەبێت و هێزەکان لە سێ میحوەرەوە دەردەچن بەمشێوەیە:
1 – میحوەری تەبقە لە باکوور بە ئاراستەی عەین عیسا و گوندەوارەکانی و لە باکوورەوە بۆ سنووری تورکیا لە گرێ سپی بە ئاراستەی ڕۆژئاوا.
2 – میحوەری منبج بە ئاراستەی کۆبانێ لەسەر سنووری تورکیا و سووریا، تاوەکو گرێ سپی لە ئاراستەی ڕۆژئاوا.
3 – میحوەری حەسەکە – تەلتەمر تاوەکو سەرێ کانی و لەوێوەش بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات تاوەکو دەگاتە قامشلۆ دواتر دێرک بە ئاراستەی باشوور.
4 – هێزەکان لە ناوچەی منبج لە عەریمە و بەدرێژایی رووباری ساجوور بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوو لەبارەی بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە عەریمە بڵاودەبنەوە.
بەو پێیە سوپای سووریا لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵات و باکووری فورات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنە سەربازییە جۆخێییەکان بڵاودەبنەوە، لە هەمان کاتدا هەردوو ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپی وەکو ناوچەی شەڕی ناجێگیر دەمێننەوە “تاوەکو ئەو کاتەی ئازاد دەکرێن”.
هەسەدە دەڵێ لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لە ئامادەیی خۆی بۆ پارێزگاریکردن لە یەکێتی و سەلامەتیی خاکی عەرەبیی سووریا و لەژێر ئاڵای کۆماری عەرەبیی سووری و وەستانیان شانبەشانی سوپای سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر خاکی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد.