نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پابه‌ندی چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە

0

نوچه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان،له‌كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ راوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، جەختی لە پابەندى پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.

ئەمڕۆ (سێشەممە 15-10-2019) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەرال جۆن لۆریمەر، راوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەریتانیا و هاوپەیمانيى نێودەوڵەتى کرد کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کردووە و جەختى لە پێویستیى بەردەوامیى پشتگیریى بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردەوە بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و رێگریکردن لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى داعش.

وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، جەنەراڵ لۆریمەر جه‌ختی له‌ پابەندیى بەریتانیا بۆ بەردەوامیى پشتگیریى و هاوکاریی هەرێمى کوردستان و عێراق له‌ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە و ئامادەییى وڵاتەکەى بۆ بەردەوامیى هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دووپاتکردەوە، خۆشحاڵیى خۆیشى بە هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و کۆنسوڵى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، هەردوولا گرنگیى هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، پێشهاتەکانى سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتى فرات بەتایبەتى و بارى مرۆیى و دۆخى ناوچەکەیان بەگشتى، تاوتوێ کرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com