نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کۆبووەوە. باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥-١٠-٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەرال جۆن لۆریمەر، ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێم، وێڕای سوپاسکردنی بەریتانیا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کرد. جەختى لە پێویستی بەردەوامی پشتگیریى بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ڕێگریکردن لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى داعش، کرد.
هاوکات جەنەراڵ لۆریمەر، جهختی له پابەندى بەریتانیا بۆ بەردەوامی پشتگیری و هاوکاریی هەرێمى کوردستان و عێراق له ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە. هەروەها ئامادەیى بەریتانیای بۆ هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە، لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە.
پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، خۆپیشاندانەکانی عیراق، پێشهاتەکانى سوریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتى فورات بەتایبەتى و بارى مرۆیى، تەوەرێکی دیکەی گفتوگانیان بوو.