نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی سێشەممە لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەپێی دواین ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئەنجامی هێرشی پێنج ڕۆژی ڕابردووی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە لانیکەمەوە ١٣٠ هەزار کەس ئاوارە بوونە، لە ئێستاشدا بەهۆی دۆخی جەنگییەوە، نزیکەی چوار هەزار کەس لە هاووڵاتیان و خەڵکی مەدەنی پیویستییان بە خزمەتگوزاری و یارمەتی مرۆیی بەپەلە هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هاوڕێ مەلا سهفار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند “بڕیار وایە ڕۆژی سێشەممە ١٥-١٠-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و لەشکر کێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات”.
هەروەها گوتیشی “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە پەیامی سەرجەم حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دۆخی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان رووندەکرێتەوە”.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تا ئێستا بەدەیان خەڵکی سڤیل لە ناویاندا منداڵ و ژن هەیە بوونەتە قوربانی، هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە، بڵاویکردەوە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی جەنگدا، ٧٦ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.