نوچه: ئاژانسهكان
له بەریتانیا71 پەرلەمانتار نامەیەک ئاراستەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن و داوای وەستاندنی هێرشەکەی تورکیا دەکەن.
له نامەکەی پەرلەمانتارە بەریتانییەکاندا كه 71 پەرلەمانتار لە کۆی 650 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەیه هاتووه “ئێمە، ئەم نامەیە دەنووسین بەناوی دەنگدەرەکانمان و کوردانی دانیشتووی بەریتانیاوە، کە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا”.
هەروەها لە نامەکەدا باس لەوە كراوه “ڕۆژێكی خەمبارە، کە دەبینین کوردە هاوپەیمانەکانمان بە فەرمانی ئەردۆغان هێرشیان دەکرێتەسەر و باوەڕیشمان وایە؛ ئەمریکا بڕیارێكی هەڵەی داوە بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە باکووری سووریا. هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێكی سەرەکییان لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا گێڕاوە و، زیاتر لە 11 هەزار پیاو و ژن قوربانییان داوە و ئاشتی و سەقامگیرییان لەو ناوچە جەنگییەدا بەدیهێناوە”.
پەرلەمانتارەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بە داعشە زیندانییەکانی ژێر دەستی ههسهده کردووە و، نووسیویانە ”هەسەدە هەزاران داعشی دەستگیرکردووە و هێرشە داگیرکارەکەی تورکیا مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدەکەوێتەوە”.
پەرلەمانتارە بەریتانییەکان داوایان لە ئەمریکا کرد، هەرچی زووە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هەڵبووەشێنێتەوە و کارێکی شیاو دژی تورکیا بکات و رێگری لە قوربانیدانی زیاتری خەڵک و سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زیاتر بکات. راشیانگەیاند: “باوەڕمان وایە؛ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەدوای ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا، خیانەتێکە و ئەو ناوچەیەی سووریا، کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتێكی جێگیر و دیموکراسیدایە، دەخاتە بەردەم هەڕەشەی وێرانبوون و پاکتاویی نەتەوەیی لەسەر دەستی هێزەکانی تورکیا و، هەروەها دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە”.
لە نامەکەیاندا، پەرلەمانتاران داوا لە حکوومەتی بەریتانیا دەکەن پێگەی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاربهێنێت، تاوەکو بەتووندترین شێوە بۆ تورکیای روونبکاتەوە؛ ئەم دوژمنکارییە جێی پەسەندکردن نییە و دەبێت بووەستتێندرێت.