بارزانی: ده‌بێت ڕێگە لە گۆڕینی دیموگرافی ڕۆژئاوای كوردستان بگیریێت

0

نوچه‌

سەرۆک بارزانی پەیامێک بۆ ڕای گشتی كوردستان بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سووریا دوور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات ڕوو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بوونەتەوە.

بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان ڕابگەیێنم، كە هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بووبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكە هەبووبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە، كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافی ئەو ناوچەیە بگیرێت.

مسعود بارزانی
12ـی 10ـی 2019

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com