نوچه
ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، لە کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت “لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا، هەر ماڵێک دەبێتە بنکە و هەر کۆڵانێکیش دەبێتە سەنگەری شەڕ”.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە داوا لە یەپەگە، یەپەژە و یەژا ستاریش دەکات چالاکییە سەربازییەکانیان لە باکووری کوردستان چڕ بکەنەوە.
ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە دەڵێت “خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایە سوپای تورکیاوە داگیر دەکرێت، ئەوەی داعش لە 15ـی ئەیلوولی 2014 لەڕێگەی هێرشکردنە سەر کۆبانێ نەیتوانی سەریبخات، ئێستا دیکتاتۆرییەتی ئاکپارتی – مەهەپە، کە دوژمنی کورد و مرۆڤایەتین دەیانەوێت سەری بخەن”.
سەبارەت بە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، کە بۆتە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە دەڵێت، “تورکیا دەیەوێت چەتەکانی داعش، کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە تێکشکێندران، سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و بەم هێزەش هەڕەشە لە تەواوی جیهان بکات”.
ئهوه له كاتێكدایه، كه ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.