نوچه
سەرۆك بارزانی لەگهڵ كونسوڵی ئەمریكا، لەبارەی دۆخی سووریا و ئەگەری روودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی وردیان كردووه و داوای کرد ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.
ئهمڕۆ (چوارشەممە 9/10/2019) سەرۆك مەسعود بارزانی له كۆبوونهوهی لەگهڵ ستیڤ ڤیگن، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر، جارێکی تر نیگەرانی قووڵی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات بۆ کوردی سووریا دەربڕی و داوای کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.
بهگوێرهی راگهیێندراوی كۆبوونهوهكه، سەرۆک بارزانی لەو دیدارەدا روونیکردەوە، کە گەلی کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە، ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد توشی کارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
هەر لە دیدارەکەدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا و سەرۆک بارزانی روونیکردەوە، کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواکارییە شەرعییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن، لە هەمانکاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەکانی رابردوو بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی ئێستا و کەسانێکی هەڵپەرست، کە خۆیان بەرپرسی دۆخەکەن، ئێستا بۆ دژایەتی سەرۆکوەزیران بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و لەو بارەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەتهكهی عادل عەبدولمەهدی دووپاتکردەوە.