نوچەنێت
ساڵح موسلیم هاوسهرۆكی پهیوهندییه گشتیهكانی تهڤدهم، لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە خاڵە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا، بەمانای فەرموکردنی تورکیایە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی تەڤدەم، لە دیمانەیەکی دەنگی ئەمریکا، کە تایبەتە بە مەترسییەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵیت، ئێمه نازانین چ گفتوگۆیهك لهنێوان ئهمریكا و توركهكاندا روویانداوه، بهڵام ئهوهی ئێستا بۆ ئێمه دیاره ئهوهیه كه ئهو خاڵانهی لهسهر سنوور چاودێرییان دهكرد ئهوانه چۆڵكرابوون پاشهكشهیان پێكراوه، واته به توركهكانیان وتووه” فهرموون ئێوه دهتوانن بێن”، جا ئیتر توركیا ههتا كوێ دێت؟ ئێمهش ئهوه نازانین، بهڵام هێزهكانی ئێمه لهوێن ههركات توركیا بیهوێت هێرش بكات هێزهكانی سوریای دیموكرات بهرپهرچیان دهداتهوه.
دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاڵە سنورییەکان، دۆناڵد تەمرەپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی” کوردەکان، لەبەرامبەر شەڕدا چەک و پارەیان وەرگرتووە”. ساڵح موسلیم دەڵێت” ئەگەر دوژمنێکی ھاوبەش ھەبێت، بێگومان پێویستە ھاوکاریش ھەبێت و چەکیش بدەن بەڵام “بەڕێز ترەمپ، باسی یازدە ھەزار شەھیدی ئێمەینەکردووە. دهیتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریکی لێرە شەھیدبون؟ ئەوەی شەڕی دەکرد ئێمە بووین، ئەوەی لەپێشەوە بوو ئێمە بووین، ئەوەی چالاکی ئەنجامدەدا ئێمە بووین، لەو پێناوەشدا یانزە ھەزار شەھیدمان داو، بەڵام سوپای ئەمریکا سەلامەتبوون ھیچ زیانێکیان بەر نەکەوت، بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەتهكه بکەین، ئەو شەڕەی لەسووریا ھەبوو شەڕێکی زۆر گەورە بوو ئەمە لەلایەک، لەلایەکیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریکی تیاچوون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچوون؟ لەو شەڕانەشی لەگەڵ ئێمە کردی چەند سەربازی تیاچوون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئینجا باسی چەک و پارە بکهن.”
سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێکی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوەو تییدا دەڵێت، ئەوەی لەدەستمان دێت دەیکەین بۆ ئەوەی خەڵکی ڕۆژئاوا، تووشی نەهامەتی زیاتر نەبن. ساڵح موسلیم سەبارەت بەم هەڵوێستە گوتی” بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێکی باش ئەزانین. جێی سوپاسە پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کەبەو شێوەیە بێت ئومێدی ئێمە لەسەر (کاک مەسعود) زیاترە لەوەی، کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەمولایەنەکان باش بکات و لەگەڵ ئێمەشدا پەیوەندی باشی ھەبێت، بهبڕوای ئێمه یەکێتی کوردان له ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک تهنها بۆ ڕۆژئاوا، بۆ تەواوی کوردستان بە گشتی لەبەر ئەوەی ئەو مەترسیەی کەھەیە بۆ تەواوی کوردانە”.