نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق، بەغدا لە ئامادەباشی تەواو نییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئەو سەردانەی بڕیار بوو ئەمڕۆ سێ شەممە ٨-١٠-٢٠١٩، شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی خالید شوانی وەزیری بۆ هەرێم ئەنجامی بدات و لە بەغدا گفتوگۆ بكەن، بۆ كاتێكی دیكە دواخرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی دواخستنی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، ڕایگەیاند”بەهۆی خۆپیشاندانەکان و دۆخی ئێستای عێراق کە بەدۆخێکی سیاسیی دژواردا تێدەپەڕێت، تاڕادەیەک لە ئێستادا حكوومەتی عێراقی، لە ئامادەباشی تەواودا نییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بۆیە سەردانەکەیان دواخراوە، بەڵام لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەردانەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکان بۆ چارەسەری کێشەکان دەستپێدەکاتەوە”.
مەیادە محەمەد، دەڵێت”هەر ئەمڕۆ سێشەممە ٨-١٠-٢٠١٩، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراقی، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە”.