نوچەنێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی گۆڕینی لۆگۆی تەکسییەکانی هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانی واژۆکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨-١٠-٢٠١٩، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەنگ و لۆگۆی تاکسی ناوشارەکان و خەتی دەرەوەی شار جیادەکرێتەوە.
ئومێد محەمەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی” بەپێی ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستەی کە وەزارەتی گواستنەوە بۆ ڕێکخستنی کاروباری تاکسییەکان کردوویەتی، لە داهاتوودا لۆگۆ و ڕەنگی لەزگەی تاکسییەکان بەمجۆرە دابەش دەکرێت. تاکسییەکانی هەولێر ڕەنگیان سور، پارێزگای سلێمانی، شین و تاکسیەکانی دهۆک ڕەش دەبێت”.
سەبارەت بە رەنگی تاکسییەکانی نێوان شارەکان گوتی”ڕەنگی لۆگۆ و لەزگەکانی تاکسی نێوان شارەکان قاوەیی دەبێت. پاش ڕێکخستنی ئەو کارانە تاکسی ناو شارەکان ناتوانن لە هێڵی نێوان شارەکاندا کار بکەن”.
ئەم پرۆژەیە بە هەماهەنگی بەشە جیاجیاکنی وەزارەتی ناوخۆ (پۆلیس، ئاسایشی گەڕەکەکان و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ) لەهەرسێ پارێزگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ دەکرێت.