نوچەنێت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارئاسانی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ناوخۆی کوردستان دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەوە بوو كە هیچی دیكە قوتابیانی كورد لە زانكۆ ئاست نزمەكانی لوبنان و قوبرس و توركیا و ئێران و سوودان نەخوێنن، بۆیە هەموو كارئاسانییەك بۆ ئەو خوازیارانە كراوە، كە دەیانەوێت خوێندنی باڵا لە كوردستان بخوێنن.
دكتۆر نەجدەت ئاكرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە”بە مەبەستی كارئاسانی بۆ قوتابیان و فێرخوازانی كوردستان، زۆربەی ئەو مەرجانەی كە رێگر بوون لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا، رێك خرانەوە، لەوانەش كۆنمرە و تەمەن و توانستی زمانی ئینگلیزی، كە پێشبینی دەكەین هەفتەی داهاتوو مەرجەكان لە وەقائیعی كوردستان بڵاو ببنەوە”.
نەجدەت ئاکرەیی، زیاتر روونی دەکاتەوە” ئەو كەسانەی كە كۆنمرەیان خوار ٦٠ـە، وەزارەت كۆمەڵێك ئاسانكاری كردووە بۆ ئەوەی قوتابیان نەچنە دەرەوە، لەوانەش خوێندنی دیبلۆمی باڵا بۆ ماوەی یەك ساڵ و دواتر نمرەی بەكالۆریۆس و دیپلۆمی باڵا كۆدەكرێتەوە، ئەگەر ٦٠ دەرچوو ئەوە دەتوانێت درێژە بە خوێندنی ماستەریش بدات لە هەمان بواردا”.
ناوبراو لە بارەی تەمەنیشەوە رایگەیاند: “بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر، بریار دراوە كە تەمەنی خوێندنی ماستەر لە ٤٥ ساڵەوە بەرز بكرێتەوە بۆ ٥٠ ساڵ و قوتابی دكتۆراش لە ٥٠ ساڵەوە بەرز بكرێتەوە بۆ ٥٥ ساڵ”.
سەبارەت بە توانستی زمانی ئینگلیزیش گوتی، كارئاسانی زۆر بۆ قوتابیان دەكرێت، لەوانەش سەنتەرەكانی زمانی باوەڕپێكراو چارەی ئەم بابەتە دەكەن و چیتر وەك پێشتر نابێت كە نەدەبوو لە پێنج كەمترت هەبێت.