نوچەنێت
گوتەبێژی پنتاگۆن هۆشداری دەدات و رایگەیاند، هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سوریای کرد ئەگەر بێت و نەخشە ڕێگای دروستکردنی ناوچەی ئارام دروست نەکرێت.
شۆن رۆبێرتسۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتۆن گرنگی بە سەرکەوتنی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات. ئەو ڕێککەوتنە باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە.
گوتەبێژی پنتاگۆن هۆشداری دەداتە تورکیا و دەڵێت، هەر ئۆپەراسیۆنێک بەبێ هەماهەنگی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی فورات جێگەی نیگەرانی ئەوانە، و دەبێتە هۆى هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و نائارامی بە دوادا دێت.