نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنێت، تائێستا پارتی و یەکێتی رەزامەندییان پیشان نەداوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی.
بەهۆی سەر هەڵدانی کێشە لە نێوان یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و دروستبوونی نیگەرانییەکانی گۆڕان لە ئەدای یەکێتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەماوەی رابردوو، بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ یەکێتی هەڵپەسارد. ئەمەش لەکاتێکدایە پارتی، یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەشدارن، هەروەها عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، داوای کردبوو کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) بکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هێمن شێخانی، باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، لە بارەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی رایگەیاند “بۆ ئەم دۆخەی ئێستا پێمان باشبووە، کە هەر سێ پێکهێنەری سەرەکی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی ئەنجامبدەن تایبەت بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتری کابینەکە و لێکتێگەیشتنی زیاتر”.
هێمن شێخانی گوتیشی “ئێمە وەک بزووتنەوەی گۆڕان، پێشنیارمانکردووە ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییە بکرێت، بەڵام دیارە، کە تا ئێستا دوولایەنی بەرامبەر (پارتی و یەکێتی) رەزامەندییان پیشان نەداوە”.
سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، شێخانی دەڵێت “ئاساییە لەم دۆخەی ئێستادا کۆبوونەوەی دوو قۆڵیش بکرێت، بەڵام کۆبوونەوەیەک نەبێت لەسەر حسابی لایەنی سێیەم بێت، لەبەر ئەوە بۆ ئێمە ئاساییە لە داهاتوو، چونکە ئێمە ئازادین لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی کۆببینەوە و دەرگای ئێمەش کراوەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسیی”.