هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دۆخی ئێستای عێراق سیاسییە و پەیوەندی بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان حزبی دەعوە و سائیرونەوە هه‌یه‌.    

بڕیاربوو ئەمڕۆ (شەممە ٥-١٠-٢٠١٩) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیه‌ك ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبێتەوە، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بەشداری ئەو کۆبوونەوەیان نەکرد.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق رایگەیاند “دۆخی ئێستای عێراق دۆخێکی سیاسییە و پەیوەندی بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان حزبی دەعوە و سائیرونەوە هەیە، ماوەی ١٦ساڵی رابردوو حزبی دەعوە حکومی عێراقی کردووە، ئێستاش سائیرون داوای گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆست دەکات، کە پێشتر لیستی ئەو گۆڕانکارییانە بڵاوکرایەوە، حزبی دەعوەش قبوڵی ناکات ئەو گۆڕانکارییانە لەماوەی شەو رۆژێکدا بکرێت”.

دووبەردانی گوتیشی “هەر خۆپیشاندانێک لە دونیادا بکرێت، کۆمەڵێک داواکاری ڕەوای هەیە، کە حكوومەت بتوانێت جێبەجێیان بکات، بەڵام ئەوە داواکاری نییە، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان بکرێت، زانیاریمان پێگەیشتووە ماوەی سێ مانگە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێتەوە و خۆپیشاندانەکانیش ئامانج لێی کودەتایە بەسەر حکومەت و پەرلەماندا”.   

لە بارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەڵێت “ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە نەکرا، بەڵام محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبووەتەوە، ئێمە چاوەڕوانین بزانین بەرنامەی پەرلەمان و حکومەت لە رۆژانی داهاتوو چی دەبێت، وەک فراکسیۆنی پارتی پابەندین بەبڕیاری حزبەکەمانەوە، ئەگەر دوامان لێبکرێت، کە بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەین بەشداری ناکەین”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com