نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێم رایدەگەیێنێت، بەم نزیکانە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەکەین، ئەوانەی، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و تا ئێستا مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، موچەیان پێبدرێت.
بەپێی دوایين ئاماری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە ھەرێمی كوردستان، زیاتر لە ١٠٣ ھەزار كەس دەبێت و لەو ژمارەیەش ٨١ هەزار و ١١١ كەسیان، لە دووبارە پشكنینەوەکان دەرچوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، فوئاد سدیق، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند: بەم نزیکانە نووسراوێکی فەرمی دەکەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و تاکو ئێستا هیچ مووچەیەکیان بۆ نەبڕاوەتەوە، مووچەیان پێبدرێت.
فوئاد سدیق گوتیشی “نوسراوەکەی وەزارەت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە دەگرێتەوە، کە تا ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە و لیژنەی پزیشکییان نەبینیوە، دەبێت بێنە لیژنەکە، پشکنینیان بۆ دەکرێت ئەگەر لە پشکنینی لیژنەکە دەرچوون نووسراویان بۆ دەکرێت و مووچەیان بۆ دەبڕێتەوە”.
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی ئەو خاوەن پێداویستیییە تایبەتانە، لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەت دەبێت لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی.