نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، کە خۆپیشاندانەکان بەگشتی کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە بەغدای پایتەختی عێراق و شارەکانی تر بەردەوامە، بەهۆی تەقەکردنیشەوە ژمارەیەک خەڵک کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆوە تا کاتێکی نادیار راگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کاریگەری خۆپیشاندانەکانی عێراق لەسەر هەرێم، رایگەیاند: خۆپیشاندانەکان بەگشتی کاریگەریان دەبێت لەسەر عێراق، بۆیە ئەگەر بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت و دۆخەکە باشتر نەبێت، کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداش دەکات. هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر پەرلەمانی عێراق، بڕیارەکانی حکومەت و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠-ی عێراق.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت “ئەگەر دۆخێکی نەخوازراو لە عێراق نەیەتە پێشەوە، ئەوا رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و ئێمەش دەگەڕێننەوە سەر کاروباری ئاسایی خۆمان”.
دووبەردانی گوتیشی “سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوای کردووە، کە نوێنەرانی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق، بێنە ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەنزیکەوە گوێبیستی داواکاری خۆپیشاندەران بن، بۆ ئەوەی بە ڕێگەی یاسایی داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت”.