نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی رایدەگەیێنێت، ژمارەیەکی زۆر سیڤییان پێشکەش کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.
بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، به بهشداری سێ لایەنی سەرەکی (پارتی، یهكێتی و گۆڕان) دەستی بە کارەکانیکردووە، ھەر لایەنێکیش بە چەند وەزارەت و دەستەیەک بەشدارە لەو حکومەتەدا، سەرجەم پۆستەکانیش بۆ ھەر لایەنێک دیاریکراوە، بەڵام تاکو ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کاندیدەکانیانی بۆ بریکاری وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارەکان پڕ نەکردووەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مستەفا چاڵاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، سەبارەت بە پڕکردنەوەی پۆستەکانی حزبەکەی لە حکوومەتدا رایگەیاند: مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی، گفتوگۆیان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام تا ئێستا ناوی کاندیدەکان پێشکەشی حکوومەت نەکراوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، گوتیشی “ژمارەیەکی زۆر سیڤی بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێشکەشی سەرکردایەتی کراوە، چاوەڕوانین بزانین بەپێی ئیسحقاقی خۆمان چەند پۆستمان بەردەکەوێت، دواتر لەو سیڤیانەی پێشکەشکراون، پۆستەکان پڕدەکرێنەوە”.