نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی وەزارەت بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن هەنگاوێکی باشە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، هیوادارین بەردەوام بێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێم، ئهنجوومهنی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ههرێمی کوردستان، بڕیاری داوە بە کەمکردنەوەی كرێى خوێندنى پارالێلە و ئێواران لە زانكۆ حكومییهكان بەڕێژەی ٤٥%.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن، رایگەیاند: کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بەشێوەی پارالێل و ئێواران بە ڕێژەی لە ٤٥% بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا باشە، بەڵام ئەگەر رێژەکە لەوە زیاتر بوایە باشتر دەبوو، کەمکردنەوەی کرێی خوێندنەکەش بۆ ئاستەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرایە”.
ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی “ئەمە بڕیارێکی باشە و هەموو هەنگاوێکی باش جێگەی دەستخۆشییە و پێمان خۆشبووە وەک لیژنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان، هیوادارین ئەم بڕیارانە بە بەرژەوەندی خەڵکی هەژار و خوێندکاران بەردەوامبێت”.
سەبارەت بە زانکۆ ئەهلییەکان، ئاشنا عەبدوڵڵا دەڵێت “ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنها بۆ زانکۆ حکومەییەکانە و هێشتا لە بارەی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ ئەهلییەکان هیچ بڕیارێک نەدراوە، هەرئەوکاتەش خۆم پرسیارم لە وەزیری خوێندنی باڵاکردووە، بۆ کرێی خوێندنی زانکۆ ئەهلییەکان چی دەکەن، پێی گوتم، کە ئیش لەسەر ئەوەش دەکەین کرێی ئەوانیش کەم بکرێتەوە”.