نوچەنێت
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه، داوا لە کەناڵەکان ده‌كات لیژنه‌یه‌ك له كه‌سانی پسپۆر و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆ مامه‌ڵكردن له‌سه‌ر پرسی دراما بیانییه‌كان و په‌خشكردنیان له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، پێکبهێنرێت.
دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی نوسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كرد. تێیدا زیادبوونی رێژەی ته‌ڵاقی و به‌شێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گه‌ڕاندبووه‌وه بۆ دراما بیانییه‌كان، داوای سنورداركردنی کرد، ئه‌مڕۆش له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی دایه‌وه.
شێروان عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، رایگه‌یاند، له چه‌ند ڕۆژی رابردوو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كردووە. تێیدا زیادبوونی ڕێژەی ته‌ڵاق و به‌شێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بۆ پەخشکردنی دراما بیانییه‌كان به تایبه‌ت توركییه‌كان، گەڕاندەوە. داوایان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كردووه سنورێك بۆ ئه‌و درامانا دابنرێت كه له‌گه‌ڵ ئادابی كورده‌واری ناگونجێت.
بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، ئەوان كار به رێنمایی ژماره ١ی ساڵی ٢٠١٤ دەکەن، كه تایبه‌ته به رێكخستنی سپه‌یسی فریكوێنسی و مۆڵه‌تی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كان، ئه‌ویش پشت به‌ستن به مادده ٢ برگه‌ی ٩ له یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧، کە به‌پێی ئه‌و ڕێنماییانە پێویسته میدیای بینراو و بیستراو ڕه‌چاوی ئه‌و خاڵانه بكه‌ن و زیان نه‌گه‌یاندن به نه‌ریت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دوركه‌وتنه‌وه له تێكدانی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان، په‌خشنه‌كردنی ئه‌و به‌رنامه و بڕگانه‌ی كه هانی جیاكاری ڕه‌گه‌زی و تووندڕه‌وی و ده‌مارگیری ده‌ده‌ن، له هه‌موو بواره‌كانی ژیان و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و تایفه‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری.
شیروان عەزیز ئاماژەی بەسازادی کەناڵەکان کرد”له حاڵه‌تی پابه‌ند نه‌بونی كه‌ناڵه‌كان و دیاریكردنی سه‌رپێچیه‌كان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان، داداگا یان داواكاری گشتی ده‌توانین سه‌رپێچییەکە و سزاکە دیاری بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕێنماییه‌كه‌دا هاتووە”.