نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسی ستراتیژیەت و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی، سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بەیەکەوە بەستراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢-١٠-٢٠١٩، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکۆنفرانسی زانکۆی کوردستان سەبارەت بە ستراتیژیەت و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، وتارێکی پێشکەش کرد.
مەسرور بارزانی گوتی، سەقامگیری لە کوردستان و عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر بەیەکەوە بەستراوەتەوە”سەقامگیری لە هیچ وڵاتێک بەدینایەت ئەگەر وڵاتەکە لە ڕووی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینێت، سەرهەڵدانی تووندوتیژی لە هەر وڵاتێک ئەنجامە نەک هۆکار، ئەویش لەبەر ئەوەی هەر کاتێک سەقامگیری سیاسیی نەبوو و رووخاندنی ئابووری هەبوو، رێزگرتن لە دین و ئایین و نەتەوە جیاکان وجودی نەما واتە تووندوتیژی سەرهەڵدەدات”
مەسرور بارزانی، هەر لەبارەی بەدیهێنانی سەقامگیری دەڵێت” دەبێت تەبایی و یەکڕیزی ئەو خەڵکەی لەو وڵاتەدا دەژیت لەبەرچاوبگیرێت، هەروەها رێزگرتن لە ئایینەکان وەکو بنەمایەکی سەرەکی لەو وڵاتەدا بەرجەستە ببێت. گەشەپێدانی ئابووری لە وڵات بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانن سوود لە سەرچاوە سروشتییەکان وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ببینن. ئەمانە هەمووی لە ئەنجامدا سەقامگیرییەکی سیاسیی دێنێتە بەرهەم و وڵات گەشەکردن و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت”.