نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر سەردانی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێم، بە مەبەستی بەدوادا چوون و وردبینی بێت نادەستوورییە.
بڕیارە بەم نزیکانە دوو لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە پێکهاتوون لە لیژنەی نەوت و گاز و لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئامانجی سەردانەکەشیان بە مەبەستی وردبینی کردن و کۆکردنەوەی داتا و زانیاریییە، لەسەر داهات و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جیهاد حەسەن دۆسکی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: سەردانی لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی نییە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەوان لە بەرنامەیاندایە، کە سەردانی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن، ئەگەر ئەم سەردانەیان بۆ مەبەستی بەدواداچوون و پێداچوونەوە بێت بە داهات و خەرجییەکانی حکوتی هەرێمی کوردستاندا ئەوا شتێکی نادەستوورییە.
دۆسکی گوتیشی “ئەگەر سەردانەکەشیان وەک وەفدێک بێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر و ئاشنابوونی ئەوان لەگەڵ کارەکانی ئێمە، هەروەها هاوکاری کردن لەنێوان لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بەکارێکی باشی دەزانین و پێشوازیشی لێدەکەین”.
ئەندامەکەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان دەڵێت “بە ئێمە گوتراوە، کە سەردانەکە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیییەکان، دروستکردنی هەماهەنگی و یارمەتیدانی یەکترە، لە نێوان هەردوو لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق”.