نوچە-ئاژانسەکان
شین جی پینگ، سەرۆکی چین، لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حکوومەتی کۆمۆنیستی وڵاتەکەی، جەخت دەکاتەوە هیچ هێزێک ناتوانێ رێگری لە پێشکەوتنی چین بکات.
سەرۆکی چین لە میانی نمایشی سەربازی سوپای وڵاتەکهی لە گۆڕەپانی تیان ئانمێن گوتیشی، کە پەکین لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ دوو قەیرانی گەورە بەرەوڕوو بۆتەوە، یەکیان نائارامی و خۆپێشاندانەکانی هۆنگ کۆنگە و ئەوی دیشكەیان جەنگی بازرگانی چین و ئەمریکایە.
شین جی پینگ، لە گوتاری یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حکوومەتی کۆمۆنیستی چین، بەڵێنی پێشكەوتنی ئاشتییانەی دا و جەختیشی کردەوە، کە سیاسەتی چاکسازی دارایی و ئابووری ڕەچاو دەکات، هەر وەک چۆن دامەزرێنەری حکوومەتی کۆمۆنیستی چین ئەم سیاسەتەی پەیڕەوکردووە.
لە میانی ئەم یادکردنەوەیەدا، سوپای چین پەردەی لە سەر موشەکێکی کیشوەربڕی لادا، کە توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوی ئەتۆمی هەیە. هەروەها توانای بڕینی مەودای نێوان چین و ئەمریکا، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم موشەکەیە.