نەوزاد عەلی-سلێمانی
کەسایەتییهكی سیاسیی كورد رایدەگەیێنێت، دروستکردنی لیستی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرکان، گرنگ ئەوەیە مسداقییەتی هەبێت و بەیەکەوە بۆ سەرخستنی تێبکۆشن.
ڕۆژی ٢٨-٩-٢٠١٩، نۆ لایەنی سیاسیی کوردستانی، بۆ پێكھێنانی لیستێكی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارای هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا گەیشتنە رێککەوتن؛ بەپێی ئەو رێککەوتنەی، کە کراوە لیستە ھاوبەشەکە بۆ ھەڵبژاردنی ھەر سێ پارێزگای (كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین) دەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەبوبەکر کاروانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کەسایەتی سیاسیی کورد، سەبارەت بە هەوڵی لایەنە کوردییەکان بۆ دروستکردنی لیستی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرهکان رایگەیاند: گرنگتر ئەوەیە ئەم لیستە مسداقییەتی هەبێت، کارلێک لە نێوان لیستەکەدا هەبێت و هاوچارەنووس بن و بەیەک دڵ و بەیەک گیان، بۆ سەرخستنی لیستەکە تێبکۆشن، بۆ دوای لیستەکەش قسەی هاوبەشیان هەبێت”.
کاروانی گوتیشی “پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، خوێندنەوە و تێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ کێشەکان و جۆری چارەسەرەکانی هەبێت، ئەگەرنا بە تەنها دروستکردنی لیستە هاوبەشەکەیان ناتوانێت وەڵامدهرهوهی هەموو پێداویستی قۆناغەکە بێت لەو ناوچانە”.
ئهبوبهكر كاروانی پێیوایه، لانیکەمی ئەوەی، کە پێویستە بکرێت ئەوەیە بە هاوبەشی بەرەوڕووی دۆخەکە ببنەوە؛ لەبەر ئەوەی تەحەدییەکان لەو ناوچەیەدا بەجۆرێکە، هەموو وزە و توانا کوردییەکە بەسەریەکەوە ناتوانێت بەگوێرەی پێویست بەرەوڕووی ببێتەوە؛ چ جای ئەوەی، کە تواناکان پەرش و بڵاو بن، ئەوکاتە روبهڕووبوونەوەکان دادەبەزن بۆ ئاستێکی نزم و خراپتر”.