مه‌سروور بارزانی: گرنگییەكی تەواو بە كەرتی ئابووری ده‌ده‌ین

0

نوچه‌

به‌ ئامادەبوونى سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە ٣٠-٩-٢٠١٩) سێزدەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ کردنەوەی پێشانگاکە رایگەیاند “ئێمە لە بەرنامەی كاری حكوومەتی ھەرێم گرنگییەكی زۆرمان بە پێشخستنی ئابووری كوردستان داوە، ھیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەستپێكێكی باشتر بۆ تێكەڵبوونی بازرگان و وەبەرھێنەران و خاوەنكاران لە ھەرێمی كوردستان و دەرەوە، بۆ ئەوەی ئێمە تەنھا پشت بە سەرچاوەیەكی داھات نەبەستین، بەرنامەمان ئەوەیە كە گرنگییەكی تەواو بە كەرتی ئابووری بدەین”.

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، راشیگەیاند: “ئەوەی لە تواناماندابێت بۆ وەبەرھێنەران و بازرگانان درێغی ناكەین، ھەوڵدەدەین لە پڕۆسەی بەكارخستنی كۆمپانیاكان لە ھەرێمی كوردستان ئاسانكاریان بۆ بكەین و ھاوكاریان بین”.

مەسروور بارزانی هیوای خواست: “ئەم پێشانگایە ببێتە ھۆكارێك بۆ لێكنزیك كردنەوەی زیاتری ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دونیا و ناوچەكە، كوردستان ببێت بە بنكەیەكی گرنگی بازرگانی لە ناوچەكەدا”.
بۆ ئەمساڵ ٣٠٠ كۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشداریی لە پێشانگاكەدا دەكەن و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە یەك كاتدا دوو پێشانگا دەكرێتەوە، پێشانگای یەكەم (پرۆجێكت) تایبەتە بە ئاوەدانكردنەوە و بیناسازیی، ھەروەھا پێشانگای دووەم تایبەتە بە كەرەستە و ئامێرە كشتوكاڵییەكان. چەند کۆمپانیایەکی وڵاتانی چیك، كوەیت، قەتەر پاڵپشتی و سپۆنسەری پێشانگاکە دەکەن و چەند كۆمپانیایەکی گەورەی ناوخۆیش بەشدارن.

١٣ مین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی ھەولێر، ڕۆژانە لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەكەی دەكرێتە یاداشنامەیەك و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com