پەرلەمان کار لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵی دەکات

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، چەند مەلەفێکی گەندەڵییان لە بەردەستدایە و دەیکەنە ڕاپۆرت و دەیدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆۆئەوەی کاری لەسەر بکات. 

چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بووتە کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام چارەسەرکردنی پرۆسەیەکی درێژ خایەنە، کە بووەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ حکومەت و زۆربەی ناوەندەکانی حکومەتی گرتووەتەوە، بەجۆرێک خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار لەسەر داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.      

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شیرین ئەمین، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە مەلەفەکانی گەندەڵی رایگەیاند “کۆمەڵێک مەلەفی گەندەڵی گەیشتوونەتە بەردەستی لیژنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان، گرنگترینیشیان پرسی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵانه‌، کە تاکو ئێستاش کاری لەسەر دەکەین، هەروەها بەهەدەردانی ٢٠ ملیار دینارەکەی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانییه‌”.   

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی دەڵێت “یەکێکی دیکە لەو پرسانەی هاتووەتە بەردەستمان و کاری لەسەر دەکەین، پرسی گەندەڵییە لە خاڵەسنوورییەکاندا، کە باس لەوە دەکرێت پشکنین لە تاقیگەکانی ئەو خاڵە سنوورییانەدا دەستوەردانی فەرمانبەران و کارمەندانی خاڵە سنورییەکان و حزبی تێدایە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دەستپاکی لە ئێستادا دوو لیژنەی لەسەر خاڵە سنوورییەکان پێکهێناوە”.   

شیرن ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە ئێستادا دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەربارەی ئەو مەلەفە گەندەڵییانەی هاتووەتە بەردەستیان، دواتر دەیكەنە ڕاپۆرت و دەیدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی كاری لەسەربكرێت.     

ناوبراو راشیگەیاند “لەسەر پرسی گەندەڵییەکانی پێوەری بەستنی ئاوی ماڵان، ڕاپۆرتێکی زۆر ووردمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکردووە تا ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم بکرێت، چاوەڕوانی وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەکەین، هەرکاتێک وەڵاممان پێگەیشتەوە، رێکاری پێویست دەگرینەبەر”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com