هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆ لێدانە لە نەوەی نوێ؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆیدا دەکات، بەپێی پێشنیازێکی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆى پەرلەمان، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەتوانن وابەستەی فراکسیۆنەکەی خۆیان نەبن، لە فراکسیۆنەکەیان جیاببنەوە و فراکسیۆنی نوێش دروستبکات، بڕیاردەری لیژنەی یاسایش لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”ئەمە بۆ لێدان نییە لە هیچ لایەنێکی دیاری کراو، بەڵکو بۆ ڕێکخستنەوەی پەیڕە و ڕێکارەکانی پەرلەمانە”. 

لەسەر داوای ٢٩ پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان ١٦ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان هەموار دەکرێنەوە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمشیان بۆکراوە، بڕیاریشە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو ٢٩-٩-٢٠١٩، ئەندامانی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدەن.

گرنگترین ئەو ماددانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەمواردەکرێنەوە؟

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جەلال محمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان و بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: گرنگترین ئەو ماددانەی، کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان هەمواردەکرێنەوە، خۆیان دەبیننەوە لە:     

یەکەم: بڕگەی ٢ لە ماددەی ١١٠ کە بریتییە لە ئازادکردنی پەرلەمانتار لەوەی، کە بتوانێت لە فراکسیۆنەکەی خۆی جیابێتەوە.
دووەم: بڕگەیەکی دیکە بریتییە لە واڵاکردنی دەستی لیژنەی یاسایی.
سێیەم: لە مادەی ٢٩ کە بریتییە لە زیادکردنی ژمارەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١٥ لیژنەوە بۆ ١٩ لیژنە.                                                   

بڕگەی ٢ لەماددەی ١١٠ بۆچی هەمواردەکرێتەوە؟

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “ئەمە بۆ ئەوەی ڕێکبرێتەوە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ژمارەی یەکی ساڵی ١٩٩٢ لە ماددەی ٤٣، کە تیایدا لە پێنج باردا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان مافی ئەندامێتی لە دەستدەدات، کە هیچ یەک لەو بارەیەوە دیاری نەکراوە، بۆیە ئەمە شتێکە جیاوازە لە نێوان پەیڕەوەکە و یاساکەدا، بەپێی یاسا دەبێت هەردووکیان یەک (مووتەفق) بن”.                

بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێیانوایە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتی بڕگەی ٢ لە ماددەی١١٠ ئەوەندەی پرسێکی سیاسییە، پرسێکی یاسایی نییە و بۆ پەرەتەوازەکردنی ئەوانە، پەرلەمانتارە ناڕازییەکانی نەوەی نوێش کە پشتگیری دەکەن پێیانوایە ئەمە هەنگاوێکی باشە و پەرلەمانتار لە کۆتوبەندی فراکسیۆنەکەی ڕزگار دەکات.  

نەوەی نوێ پێیوایە هەمواری بڕگەی ٢ لەماددەی ١١٠ بۆ لێدانە لەوان ؟ 

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بۆ نوچە، جەختیکردەوە و گوتی “ئەمە لێدان نییە لە نەوەی نوێ، بەڵام ڕەنگە زەرەرمەندی یەکەم لە ئێستادا ئەوان بن، ڕەنگە لەداهاتووشدا لایەنێکی دیکە زەرەرمەند بێت، ئەوان لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنن دەبێت لەگەڵ ئەوەدابن کە یاسا ڕێچکەی خۆی بگرێت”.

جەلال محەمەد ئەمین، ئاماژە بە ناکۆکی نەوەی نوێ دەکات و دەشڵێت “ئێستا کە بەزیانی ئەوانە، ئەوە ناجۆری و ناتەبایی خۆیانە، ئەوان پلانیان بۆ ١٥ ساڵی ئایندە دادەنا، کە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرن، ئەگەر ئەوان نەتوانن لە ئێستادا ٨ ئەندام پەرلەمانی خۆیان یەکبخەن ئەی چۆن دەتوانن ١٥ساڵی دیکە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرن، بۆیە پێموانییە ئەمە بۆ لێدان بێت لەوان”. 

ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان باسی لەوەشکرد، نەوەی نوێ پێگەیەکی ئەوەندە گەورەیان لە پەرلەمانی کوردستان نییە تاکو ئەو لایەنانە لێیان بترسن و هەڵسن بەوەی ڕێکارێک بگرنەبەر کە لەوان بدەن، دەکرێت بڵێین ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن، بەڵام ناکرێت بڵێین ئەم لایەنانە پلانیان داناوە بۆ ئەوان، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێمە کردوومانە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیڕەو ڕێکارەکانی پەرلەمانە.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com