نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیێنێت، دڵنیام ڕۆژێکی دێت بۆ موزایەدەکردن و راگەیاند شانازی کردن بە ڕیفراندۆمەوە بەر پارتی ناکەوێت.
ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و زیاتر لە ٩٢% خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە، بە بەڵی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ساڵ ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندم، رایگەیاند “پارتی دیموکراتی کوردستان، شانازی بە دەستکەوتەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەکات، ئەمڕۆش یەکێکە لە هەنگاوە هەرە مێژووییەکانی یەکگرتنی گەلی کوردستان، بۆیە ٢٥ ئەیلول لە مێژووی گەلی کوردستان ڕۆژێکی نیشتمانیە و پێویستە پەرلەمانی کوردستانیش بە یاسا بیکاتە ڕۆژێکی نیشتمانی و بە فەرمی ئەم ڕۆژە گەورە بکرێت، چونکە ئەم ڕۆژە ساتەوەختی یەکگرتنی گەلی کوردستان بووە”.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی، جەختیکردەوە و گوتی “هەر حزبێکی سیاسیی کوردستانی ئەگەر شانازی بەم ڕۆژەوە نەکات، غەدر لە خۆی دەکات و لە ترسنۆکییەتی، بۆیە دڵنیام ڕۆژێکیش دێت، کە بۆ موزایەدەکردن و شانازی کردن بە ڕیفراندۆمەوە بەر پارتی ناکەوێت”.
عەلی عەونی ئاماژە بەوەدەکات، کە بۆ لەمەودواش ڕیفراندۆم بەڵگەنامەیەکی فەرمی گەورەیە، لە هەمان کاتدا وەکالەت نامەیەکی گەورەی گەلی کوردستانە و لە دەستی سیاسەتمەدارانی کوردستانە. دەشڵێت “ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمان، کە دەنگیاندا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە داوە، شانازیییەکی زۆر گەورە و مێژووییە و ئەوان بەختیان هەبوو، ئەو بەختەشیان بەجوانی بەکارهێناوە و دەنگییاندا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان”.