نوچەنێت
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، پارتی و یەکێتی ئەزموونیان هەیەو بەرپرسیارێتیەکی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە، نابێت بەشتی بچووک نێوانیان تێکبچێت.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رایگەیاندووە، ئێـمەی کورد بە گشتی و ئەو دوو حیزبە بەتایبەتی، نابێت بە میزاج و کردار و پەرچەکردار سیاسەت بکەین، ناشبێت بە شێوەی نەوەدەکان بیربکەنەوە و مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، میرانی دەڵێت، لەگەڵ وشەی رێگرتن نیم لە مەحمود سەنگاوی، بەڵکو ئەوەی ئەو لێی ئاگادارە دەڵێن، مەحمود سەنگاوی تەحەمولی نەکردووە، تا پەیوەندییەک بکرێت، گوایە قافڵەیەکی زۆری ئوتۆمبێلی لەگەڵ بووە، ڕاستە کاک مەحمود پێشتر هەندێک قسەی کردووە، کە هەموو پارتی پێی ناڕەحەت بوون، بەڵام بەرژەوەندی هەردوولامان و کوردستان و خوێنی شەهیدەکانمان لە ئێمەی ئەشخاس گرنگترە، جا ئێمە ئەندامی مەکتەبی سیاسیین، یا هەر پۆستێک.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن، گوایە یەکێتی لە حکومەت دەکشێتەوە، یان شەڕی براکوژی دەست پێدەکاتەوە، فازڵ میرانی گوتی، ئەوانە هیچ بنەمایەکیان نییە، بەو پێیەی ئەو دوو حیزبە ئەزموون دیدەن و بەرپرسیارێتی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە، ئەمڕۆ شتێکی گەورەیان بە دەستهێناوە، کە فیدراڵی کوردستانە، لەبەر ئەوە وەک کوردەواری دەڵێ: باران دیدەن ئەم دوو حیزبە، بە هەورێکی بەهاران تەڕنابن، واتە پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێکناچێت، لەناو هەردوو حیزبدا بە موتڵەقی قسە ناکەم، کەسانی ماندوو لە سەرکردایەتی هەن، کە لە دوای شەهیدەکان ئەم ئەزمونە بەڕەنجی خەباتی خۆی دەزانێت، بۆیە وا بە ئاسانی بە شتێكی وا بچووک تێکی نادەن و بچنەوە رووداوێکی گەورە.
لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی، میرانی جەخت دەکاتەوە، کە پەیوەندییەکانیان لە ئێستادا پاش نامە و نامە ئاڵوگۆڕکردن بەرە و ئارامی چووە، وە برادەرانی یەکێتیش هەندێ لای خۆیانهوه هەوڵیاندا، هاوکات پارتیش هەوڵیاندا و ئەو هەوڵە هاوبەشانەش بووە هۆی ئەوەی، پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بکات، پێشیوایە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە کۆبوونەوەی فهرمی دیکە ئهنجام بدرێت، راستە ئێمە خاڵی جیاوازیمان لە زۆر بابەتدا هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئێجگار زۆرە، کە دەکرێت جیاوازیمان هەبێت، بەڵام دەبێت کۆببینەوە، وە ناشکرێت لەبەر ئەوەی جیاوازیمان هەیە کۆنەبینەوە.
سەبارەت بەهەبوونی دووزۆن لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت، ئێمە پێمان باشە حکومەت حکومەتێتی خۆی بکات، حزبەکان پشتیوانی بکەن، هەر بۆ نموونە دراوی ١٠ یۆرۆی لە ئەوروپا هەیە مقەستێکی لێبدە نیوەی بدە بە یەکێتی وە نیوەی بدە بە پارتی، پارتی ناتوانێت ئەو نیوەیەی خۆی بکاتە پێنج یۆرۆ، یەکێتیش ناتوانێت ئەو نیوەیەی خۆی بکاتە پێنج یۆرۆ، بەڵکو دەبێت هەردووکیان پێکەوە بنووسێنن ئەوکات نرخی خۆی بهدهست دههێنێتهوه، جا ئهمه نمونەیەکە بۆ کوردستان، یا هەر وڵاتێکی دیکە به یهكگرتوویی بمێنێتەوە.