نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەرپرسێکی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ئێستا و ئایندە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە لە دەوری گوتارێکی نیشتمانی کۆببێتەوە، چونکە ئەو ئاڵنگاریانەى لەسەر هەرێم بوون تا ئێستا ههر ماون.
هەرێمی کوردستان زۆرجار رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی نەخوازراوی ناوخۆیی و هەرێمی بووەتەوە، تەنانەت لە هەندێک پرسی نیشتمانیدا، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، هەڵوێستی دژ بە یەکیان هەبووە، ئەمە وایکردووە وڵاتانی هەرێمی زیاتر دەستوەردەنە کاروباری هەرێمی کوردستانەوە، زۆرجاریش هەوڵدراوە کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەناو ببرێت، دیار ترینیشیان له رووداوهكانی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی بوو بۆ سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، لە (٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧)
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێخ عەتا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، لە بارەی یەک هەڵوێستی کورد، رایگەیاند “سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا و ئایندە پێویستمان بەوەیە لە دەوری گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی کۆببینەوە و هەڵوێستەکانیشمان یەکبخەین، چونکە ناوچەکە بەگشتی لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و ئەو تەحەدییانەشی، کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی لە سەر هەرێمی کوردستان بوون، تاکو ئێستاش ههر ماون”.
بەرپرسەکەی پارتی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ململانێ وڵاتانی زلهێز، کە لە نێوان ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا هەیە، ململانێ جددییە و پێشبینی دەکرێت، کە گرژییەکان زیاتر بێت. گوتشی “هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووەتە شوێنی ململانێی ئەو وڵاتانە”.
شێخ عەتا جەختیشیکردەوە، هەموو ئەو تەحەدییانە وامان لێدەکەن رێزەکانی خۆمان زیاتر توندوتۆڵ بکەین و لە دەوری گوتارێکی نیشتمانی کۆببینەوە و هەڵوێستمان یەک بخەین، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستان بکەین و دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین.
گوتەبێژەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی دەڵێت “گرنگە پەلە بکرێت لە نووسینەوەی دەستوور و ئەو لیژنەی دیاری کرابوو بۆ نوسینەوەی دەستوور، جارێکی دیکە کارا بکرێتەوە، تاکو دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنوسرێت، چونکە هەندێک لە کێشەکانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی دەستوورەوە هەیە و دەستوور زۆر كێشه یەکلایی دەکاتەوە. هەروەها دەبێت لە چوار چێوەی ئەو دەستوورەشدا پەیوەندی خۆمان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ڕێکبخەینەوە”.