نوچه
ئهمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگی ئاسایشى ئەمریکى لە عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوى عێراق کردەوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٤-٩-٢٠١٩)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ گریگۆرى کوودەر، بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگى ئاسایشى ئەمریکى لە عێراق، لە هەولێر کۆبووەوە و دۆخى ئاسایشى ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراقیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر دۆخى پارێزگاى کەرکوک و دەورووبەرى و ناوچەى شنگال و دەشتى نەینەوا، هەروەها جەختیان لە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى لە تەواوى عێراق کردەوە.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ”جەختى لە هاوکارى و هەمانگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و پێویستیی بەشداریى هێزەکانى ئەمریکا لە میکانیزمى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر کردەوە”.
هەروەها خۆشحاڵی خۆى بە کەشى ئەرێنی پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا نیشاندا.
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ستایش و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ یارمەتى و پشتگیریى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان بۆ تێکشکاندنى داعش دووپاتکردەوە و بەردەوامى بەشداریى ئەمریکاى لە پرۆسەى یەکخستنى پێشمەرگە و چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە بە پێویست زانى، سوپاسى ئەو هاوکارى و یارمەتییانەشی کرد، کە تا ئێستا لەمبارەیەوە پێشکەشی کوردستانیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆنسوڵى گشتی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و شاندێکى سەربازی تێیدا بەشداربوون، بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگى ئاسایشى ئەمریکی لە عێراق “ستایشى رۆڵى پێشمەرگەى لە شەڕى دژى تیرۆر کرد و بەردەوامی پشتگیریى ئەمریکاى بۆ پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان نیشاندا”.
بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگى ئاسایشى ئەمریکی لە عێراق، جەختى لە رۆڵى سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان و پشتگیرى لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یەکخستنى پێشمەرگە و پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.