نەوزاد عەلی – سلێمانی
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراقی بڕیاریداوە، تاوەرەکانی ئینتەرنێت لەسەر خانوو و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون ھەڵگیرێن، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمیش رایدەگەیێنێت “تا ئێستا بڕیارەکە بەفەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە تاکاری لەسەر بکەین”.
بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، داوا لە خاوەن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کراوە، تاوهرهكانی ئینتەرنێت لەسەر باڵەخانە و خانووی ھاوڵاتیان لابدەن، چونکە شەپۆله ئهلیكترۆنییهكانی ئەو تاوهرانه کاردانەوەی خراپی لەسەر تەندروستی ھاووڵاتیان بەگشتی هەیە و بە تایبەتیش منداڵان، هەروەها سیمایەکی ناشارستانیشی بە شار و شارۆچکەکان بەخشیوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئازاد عومەر، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق رایگەیاند “تا ئێستا ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقی بەفەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە، وەک هەرێمی کوردستان، تا کاری لەسەر بکەین”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەت، گوتیشی “ئێمە چاوەڕاوانین، ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوکاتە ئێمەش بەپێی ئەو ڕێنماییانەی، کە هەمان کاری لەسەر بکەین”.