نەوزاد عەلی- سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ڕەنگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی ریفراندۆمەوە بێت.
رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و زیاتر لە ٩٢% خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمشەوە، بە بەڵی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ٢٥ ی ئەیلوول لە شاری ھەولێر دووەم ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرز ڕابگیرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی ٢٥-٩ وەک ڕۆژێکی نیشتمانی، رایگەیاند “بەشی هەرە زۆری ئەو فراکسیۆنانەی، کە لە ناو پەرلەمانی کوردستاندا بوونە، لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بوون، بۆیە ئەو لایەنانەی پێیان خۆشە و ئەوانەشی پێیان ناخۆشە، ڕۆژی ٢٥-٩ ڕۆژێکی مێژووییە لە مێژووی کوردا، هەروەها دەستکەوتێکی مەزنە و سەنەدێکی گەورەی گەلی کوردستانە، بۆیە دەبێت ئەو ڕۆژە بکرێتە ڕۆژێکی نیشتمانی و هەموو ساڵێکیش یادی بکرێتەوە”.
هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لەناو پەرلەمانی کوردستان باس لەوە نەکراوە ڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە یاسا لە پەرلەمانەوە وەک ڕۆژێکی نیشتمانی دیاری بکرێت. گوتیشی “رەنگە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمان بەبۆنەی ڕۆژی ریفراندۆمەوە بێت”.