نەوزاد عەلی- سلێمانی
بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، کە دەستگیرکردنی تەقەکەرەکانی سەر لقی چواری پارتی و کۆمیتەی یەکێتی، وادەکات ئەو دەستە بدۆزینەوە، کە دەیەوێت گرژی دروستبکات.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە بازگەی سماقوڵی، رێگری لە”مەحمود سەنگاوی” ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان كرا بچێتە شاری هەولێر، ئەو رووداوهش كاردانەوەی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا، چەند کەسێکی نەناسراو تەقەیان لە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کرد، دوابەدوای ئەو رووداوەش لە هەولێر تەقە لە کۆمیتەیەکی یەکێتی نیشتمانی کرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێخ عەتا، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی، رایگەیاند “پەیوەندیییەکانی نێوان ئێمە و یەکێتی لە هەرکاتێکدا، ئەگەر گرژیش هەبێت خاڵی هاوبەشمان هەیە، چونکە پارتی و یەکێتی پێکەوە ئەزموونی حکومڕانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان، بە بوونی کەموکورتییەکانیشەوە هەندێک دەستکەوتی باشمان بۆ خەڵک دەستەبەر کردووە و دامەزراوەکانمان دروست کردووە”.
بەرپرسی راگەیاندنی پارتی لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، دەستکەوتەکان لە ئەنجامی پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی بووە و دەشڵێت “لە ئێستادا جگە لەوەی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەپێی رێککەوتنێکی سیاسی کارنامەیەکمان هەیە بۆ حکومڕانی داهاتووی هەرێمی کوردستان، دیسانەوە پەیامی ئێمە ئەوەیە خاڵی ناکۆکی و ئەو گرژیانەی، کە هەیە، بەرپرسیارانە کەمی بکەینەوە”.
بەرپرسەکەی پارتی لە سلێمانی جەختیکردەوە و گوتی “دەستگیرکردنی ئەو تەقەکەرانەی، کە هێرشیان کردە سەر لقی چواری پارتی لە سلێمانی و سەر کۆمیتەی یەکێتی لە هەولێر، وامان لێدەکات ئەو دەستە بدۆزینەوە، کە دەیەوێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی لەنێوان پارتی و یەکێتی”.
شێخ عەتا راشیگەیاند “گرژیییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەرە و کاڵبوونەوە ڕۆشتووە و خاڵەهاوبەشەکانیشمان زیاترن، بۆیە گرژییەکان نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، چونکە گرنگترین چەمک، کە ئێمە و یەکێتی تێیدا شەریکین بەڕێوبردنی وڵات و حکومەتە”.