یەکێتی وەڵامی دواکارییەکەی گۆڕان دەداتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیێنێت، پێشنیارەکەی رێکخەری گشتی گۆڕان باشە، زوو بێت یان درەنگ، هەر دەبێت پارتی، یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن.    

عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی ٢١-٩-٢٠١٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی کۆبووەوە و وتارێکی پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا پێشنیاری بۆ پارتی و یەكێتی کرد، كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵیش لە نێوان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) دا ئه‌نجام بدرێت، سەبارەت بەوەی گرفتەكانی بەردەم حوكمڕانی لەهەرێمی کوردستان، چین و چۆن چارەسەر بكرێن و چی بكەن بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری كارەكانی حكومەت.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەبارەت بە پێشنیارەکەی رێکخەری گشتی گۆڕان، بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی رایگەیاند “پێشنیارەکە پێشنیارێکی زۆر باشە، درەنگ یان زوو بێت هەر دەبێت سێ لایەنی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) کۆببنەوە، چونکە ئەو سێ لایەنە پێکهێنەری سەرەکی کابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی کوردستانن”.

سەبارەت بە بۆچوونی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت “یەکێتی حزبێکە بۆ ئاشتی، تەبایی و برایەتی درووستبووە، هەمیشە قوربانی بەخۆیداوە بۆ ئەوەی ئاشتی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان سەربکەوێت و حكومەتێکی بەهێزمان هەبێت، کە ببێتە حكومەتی هەموو خەڵکی کوردستان”.         

محەمەد وەتمان، جەختیکردەوە و گوتی “پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا هاودەنگ و یەک هەڵوێستبن، چونکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقمان لە پێشە، بەتایبەت لەسەر پرسی کەرکوک، گرنگە هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەک لیستی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی کورد لە کەرکوک بەهێزتر بێت”.           

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com