نوچه: تایبه‌ت
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، پرۆسه‌ی چاكسازی له دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی به‌رده‌وامه و هه‌موو سێكته‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه.
چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان له دوای قه‌یرانی دارایی، بووه‌ته ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان چاوه‌ڕێى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، پرۆژه‌یاسای چاكسازی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بكات، تاكو له‌و باره‌یه‌وه هه‌نگاوی پێویستی بۆ هه‌ڵبگرن.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه، ئه‌حمه‌د عه‌بدوره‌حمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی چاكسازی و پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی، رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی چاكسازی له دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی به‌رده‌وامه و هه‌موو سێكته‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئیداره‌ی داهات و خه‌رجی بكه‌ین له هه‌رێمی كوردستاندا و چاكسازیش ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌مه.
ئه‌حمه‌د عه‌بدوڕه‌حمان ده‌شڵێت: پرۆسه‌ی به ئه‌لیكترۆنی كردنی له ده‌روازه سنووریيه‌كان ده‌ستی پێكردووه و سێ ده‌روازه‌ی سنووری پرۆسه‌ی به ئه‌لیكترۆنی كردنی تێدا به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بووه و ئه‌مه‌ش هه‌موو ده‌روازه سنووریيه‌كان ده‌گرێته‌وه.
له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی گوتی ”له پلانی كورتخایه‌ن، كه بریتییه له پرۆژه‌ی بودجه، ئێمه له وه‌زاره‌ت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بودجه، لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی بودجه سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی كاره‌كانیه‌تی بۆ ئه‌وه بتوانێت پرۆژه‌ی بودجه له كاتی خۆیدا ئاماده بكات. ده‌شڵێت ”ئامانجمانه داهات زیاد و خه‌رجی كه‌م بكه‌ینه‌وه”.