نوچە-رووداو
لەهەفتەی داهاتوودا کارکردن لە سێ پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە هەولێر دەستپێدەکاتەوە کە زیاتر لە سێ هەزار کەس تێیدا زەرەرمەندبوون. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان دەڵێ:” فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی پڕۆژەکان دەرچووە”.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: “پێشتر شەش پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەولێر کێشەی زۆریان تێدابوو، وەبەرهێنەرەکانیان مافی خەڵکیان خوارد و پڕۆژەکانیشیان تەواو نەکرد، لە ماوەی رابردوودا کێشەی پڕۆژەکانی فلۆریا ستی، مەموزین و زێڕین چارەسەرکران، ئێستا لەو پڕۆژانە دەست بەکارکردن کراوەتەوە”.
لەبارەی پڕۆژەکانی دەشتی بەهەشت، کانی ئەڵمانی و کۆیەستی کە پڕۆژەی گەورەن، سامان عارەب دەڵێ: “ئەو پڕۆژانە 100% کێشەیان تێدابوو، مافی زیاتر لە 3 هەزار کەسی تێدا خورابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پڕۆژەی گەورە بوون، هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نەبوو وەریانبگرێت، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیاریدا ئاسانکاری و ئیمتیازات بدات بەو وەبەرهێنەرانەی پڕۆژەکان تەواو دەکەن، کە پێدانی زەوی بۆ پڕۆژەی دیکە، فراوانکردنی پڕۆژەکە و تەملیککردنی بەشێک لە پێکهاتەی پڕۆژەکە لەخۆدەگرێ، بۆیە وەبەرهێنەر ئامادەن بۆ تەواوکردنی هەرسێ پڕۆژەکە”.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە کارکردن لە هەرسێ پڕۆژەکەدا بکرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە هەولێر گوتی: “بۆ پڕۆژەی دەشتی بەهەشت کە دوو هەزار و 300 یەکەی نیشتەجێبوونە، حکومەت رەزامەندی داوە ئەو وەبەرهێنەرەی پڕۆژەکە تەواو بکات، پڕۆژەیەکی دیکەی پێدەدرێت، پێنج وەبەرهێنەر داواکارییان پێشکەش کردووە، پڕۆژەی کانی ئەڵمانیش کە 320 یەکەیە، پڕۆژەکە فراوان دەکرێ و شوقەی زیاتر دەدرێت بە وەبەرهێنەرەکە، دوو وەبەرهێنەریش ئامادەییان نیشانداوە تەواوی بکەن، بۆ کۆیەستیش کە 410 یەکەی نیشتەجێبوونە، وەبەرهێنەرێک ئامادەیە پڕۆژەکە تەواو بکات”.
سامان عارەب گوتیشی: “ئێمە لە 26/8/2019 ئاگادارییەکمان بڵاوکردەوە و ماوەی 15 ڕۆژمان دا بەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت ئەو پڕۆژانە تەواو بکەن، لە 9/9/2019ـ ئەو وادەیە تەواو بوو، ئێستا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ وەبەرهێنەرەکان دەکەین و باشترینیان دەستنیشان دەکەین و پێشبینی دەکەم لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەستبەکار ببن”.
لەبارە ئەو وەبەرهێنەرانەش کە سکاڵا لەدژیان تۆمارکراوە، سامان عارەب دەڵێ: “خاوەنی هەرسێ پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، کانی ئەڵمانی، کۆیەستی دۆسیەکانیان لە دادگایە، بەڵام وەبەرهێنەرەکانیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، نووسراومان بۆ لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکانی عێراق کردووە کە دەستگیریان بکەن، بەگشتی ئێستا لە هەولێر 15 وەبەرهێنەر دۆسیەکانیان لە دادگایە”.
گوتیشی: “جگە لەوانە 13 وەبەرهێنەری دیکە کە پابەندنەبوون بە نرخی خزمەتگوزارییەکان، لە داواکاری گشتی داوای یاساییمان لەدژیان تۆمار کردووە، بەشێک لەوانە دۆسییەکانیان لە دادگای تێهەڵچوونەوەیە و بەشێکیشیان لە دادگای تەمیزە، هەروەها داواکاری گشتی خۆی چەند کەیسێکی دیکەی جوڵاندووە لە دژی خاوەنی پڕۆژەی دریم ستی و سیپا ستی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە و دەستەی دەستپاکیش لێکۆڵینەوە لە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان دەکات”.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان نزیکەی 120 پڕۆژە هەڵوەشێنراونەتەوە. مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان نزیكەی 120 پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە هەڵوەشاونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆر لەو پڕۆژانە دەدرێن بە وەبەرهێنەری دیکە و دەست بە پڕۆژەکان دەکەنەوە”.
مەلا یاسین مەحموود گوتیشی: “لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیەمان هەیە، بەشێک لەو وەبەرهێنەرانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری خەڵکیان بردووە و هەڵاتوون بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دیکە، بەشێک لەوانە لە وڵاتانی دەرەوە ڤێلایان هەیە و لەسەر قووتی خەڵک ژیانێکی باش بەسەردەبەن، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بکات بۆ دەستگیرکردنی ئەو وەبەرهێنەرانە و رادەستکردنەوەیان تاوەکو دادگایی بکرێن”.
لەکاتی قەیرانی دارایی بەشێک لە وەبەرهێنەرانی کورد چوون بۆ تورکیا و ئێران و لەوێ دەستیان بە کاری وەبەرهێنان کرد. یاسین مەحموود دەڵێ: “لەکاتی قەیرانی دارایی بەشێک لە وەبەرهێنەرەکان هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشت و چوون بۆ تورکیا و ئێران، ئەوان دۆلاریان بردبوو، بەڵام بەهۆی پاشەکشەی ئابووریی ئەو دوو وڵاتە زەرەرمەندبوون، ئەوانەی لە ئێران دەستیان بە وەبەرهێنان کرد نزیکەی 80%ـی سەرمایەکانیان لەدەستدا، ئەوانەی چووشن بۆ تورکیا نزیکەی50%ی سەرمایەكانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئەو وەبەرهێنەرانەی ناچار کردووە دووبارە بگەڕێنەوە و لە هەرێمی کوردستان دەست بە وەبەرهێنان بکەنەوە”.