نوچەنێت
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی ڕێگا و بانەکانی هەرێمی کوردستان داوە. لەماوەی ٧٠ ڕۆژدا نۆژەنکردنەوەی ڕێگاو بانەکان کۆتایی دێت.
پێشتر جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٣ ملیار و ٨٧٦ ملیون دیناری تەرخان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانی هەرچوار پارێزگاکەی هەرێم و ھەر دوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩-٩-٢٠١٩ دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، رایگەیاند”دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیار لەسەر نۆژەنكردنەوەی رێگا وبانەکانی ھەرێمی كوردستان دراوە، کە بڕی تێچوەکەیان دەگاتە زیاتر لە ٤٠ ملیار دینار، ماوەی تەواکردنی پڕۆژەکانیش ٧٠ ڕۆژە”.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی”سەرجەم ئەو پڕۆژانە لە چوار چێوەی ئەو داواکاریانەدابوون کە بەپەلە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کراون، بۆ ئەوەی پێش هاتنی بارانبارین و وەرزی زستان، ئەو پڕۆژانەی کە پێویستن لە رێگاوبانەكان ئەنجام بدرێن و، گیرگرفتەكانی رێگاوبان چارەسەر بكرێن”.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانە و دەڵێت”دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێگەی لیژنەیەكی وەزارەتەوە گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانە كردووە، کە دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەكان، سەرجەم پڕۆژەکان سپاردنیان بۆکراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.