نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، مەبەستی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە.
رۆژی سێ شەممە ١٧-٩-٢٠١٩، بەرھەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە یاوەریی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، سەردانی ھەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە، بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە ١٨-٩-٢٠١٩، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم كۆدەبێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێم، رایگەیاند”ئامانجی سەردانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێم، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و، بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە عێراق ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، محەمەد حەلبوسی، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە، گوتیشی”دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەشداری لە ئاهەنگی زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک دەکەن”.