نەوزاد عەلی- سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، حكومەتی نوێی هەرێم بەرنامەی هەیە کە دەزگایەکی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت.
کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی کەرتەکانی دیکە، لەژێر کاریگەری قەیرانی داراییە، ئەمەش سەرەڕای بوونی کۆنتڕۆڵی دەرمان هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی ساغکردنەوەی دەرمان و خۆراکی کوالێتی خراپ و ماوە بەرسەرچوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، دکتۆر سەباح مەحمود زێباری، سەرۆكی لیژنەی کاروباری تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، لە بارەی چاکسازییەکانی کەرتی تەندروستییەوە، رایگەیاند”حكومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی هەیە، کە گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی تەندروستی بدات و کۆمەڵە پڕۆژە یاسایەک بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ چاککردنی کەرتی تەندروستی، ئەگەر دۆخی دارایی هەرێم یارمەتیدەربێت”.
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پڕۆژە یاسایانەی تایبەتن بەکەرتی تەندروستی و پێشتر بەنیوە و ناچڵی ماونەتەوە و تەواو نەکراون، هەوڵدەرێت تەواو بکرێن “هەوڵیشدەرێت کە پلەی وەزیفی بۆ کەرتی تەندروستی زیاد بکرێت، بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی خەڵک”.
سەباح زێباری، هەروەها گوتی”حكومەتی هەرێم لەبەرنامەیدایە کە دەزگایەکی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆنتڕۆڵی کێشەکانی دەرمان و خۆراک بکرێت، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پڕۆژەیاسایە بێتە پەرلەمانەوە”.