نەوزاد عەلی- سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، داوا لە حکومەتی عێراق کراوە پێنج پڕۆژە یاسای دیکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
پەرلەمانی عێراق، لەم وەرزەی نوێی خولی یاساداناندا خۆی ئامادەکردووە بۆ پەسەندکردنی چەند پڕۆژەیاسایەکی گرنگ، نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر چاویان لەو پرۆژەیاسایانەیە، کە بۆ کورد گرنگن و دەیانەوێ کۆدەنگیان لەسەر دروست بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە وەرزی نوێی یاسادانان، رایگەیاند “لە ئێستادا ٩ پڕۆژە یاسا لە پەرلەمانە، هەندێکیان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆکراوە، هەندێکی دیکەشیان خوێندنەوەی دووەم و تەنها پەسندکردنیان ماوە، داوا لەحکومەتیش کراوە پێنج پڕۆژە یاسای دیکە بەزووترین کات بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لەم خولی یاسادانانە کاریان لەسەر بکرێت”.
سەبارەت بەو یاسایانەی، کە بۆ کورد گرنگن، شێروان میرزا، گوتی “هەریەک لە پرۆژە یاساکانی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠، دادگای فیدراڵی، خزمەتی مەدەنی و نەوت و غازی عێراقی، بۆ کورد گرنگن، کە بڕیارە لەم وەرزەی یاسادانان دەنگیان لەسەر بدرێت”.