نوچە-ئاژانسەکان
عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە هێڵی سوور ناو دەبات و دەڵێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکا لە هەر ئاستێکدا ڕەت دەکەینەوە.
ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، بەرپرسانی وڵاتەکەی بە یەک دەنگ و بە یەک زمان دەڵێن، لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکەین.
خامنەیی جەختیش دەکاتەوە، کە هیچ جۆرە گفتووگۆیەک لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن.
بە گوتەی عەلی خامنەیی، ئێران لەگەڵ گفتوگۆیە، بەڵام ناکرێ کاروباری وڵات دوابخرێت و خۆمان بە شتی لاوەکی و گفتوگۆوە خەریک بکەین.
لە بارەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، گوتی، سیاسەتی گوشاری لە ڕادەبەدەر بۆ سەر ئێران فلسێک ناهێنێت.
ئەم هەڵوێستی خامنەیی دوای ئەوەدێ، کە سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر دانوستان لە قازانجی خەڵکی ئێران تەواو ببێت ئەمادەین ئەنجامی بدەن. هاوکات سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە رایانگەیاند، ئێرانیەکان خوازیاری گفتوگۆن.
چەند مانگێک بەر لە ئێستا، ڕابەری کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، هەموو لایەن دڵنیا دەکەینەوە نە گفتوگۆ دەکەین، وە نە شەڕ ڕوودەدات.