نەوزاد عەلی – سلێمانی
ئەندامێکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیێنێت، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێمە نەکراوە، بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک.
بەپێی سەرژمێری فۆرمی خۆراکی کەرکوك، رێژەی کورد لە پارێزگاکە ٥٢% و پێکھاتەکانی دیکە ٤٨% دەبێت، بەڵام جارێکی دیکە توركمانهكانی كهركوك رێككارهكانیان بۆ دابهشكردنی پۆستهكانی ئهو شاره بەڕێژەی لە ٣٢% بۆ هەر پێکهاتەیەک دەستیپێکردووە، لە ئێستادا فەرمانگەی تەندروستی کەرکوك، کە بەڕێوبەرەکەی لە پێکهاتەی تورکمانییە، دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بەڕێژەی لە ٣٢% بۆ هەر پێکهاتەیەک، رایگەیاند “ئێمە وەک لیستی برایەتی، ئەندام نین لەو لێژنەیەی پۆستەکان دابەش دەکات و رێککەوتن لەگەڵ ئێمە نەکراوە و هیچ پرسێکیشمان پێنەکراوە و بەم کارەش رازی نین، ئەوە بەغدا خۆی دەیکات”.
سەبارەت بەهۆکاری ئەم هەنگاوانەش، جوان حەسەن، ئاماژەی بەوەکرد “ئەمانە دەگەڕێتەوە سەر رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و لاوازبوونی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، کە ئێستا ناتوانێت بە کاروباری چاودێری بکات”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە و گوتی “من وەک ئەندامێکی ئەنجوومەن و فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، وەک حزبێکی سەربەخۆ لە ناو لیستی برایەتی، کە ئەندامی لێژنەی دامەزراندنیشم لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم بابەتە نین و پرسمان پێنەکراوە”.