نەوزاد عەلی – سلێمانی
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایدەگەیێنێت، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ پرسێکی گرنگ بەجیا سەردانی لایەنە تورکمانییەکانی هەرێم دەکات.
بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦-٩-٢٠١٩، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی لایەنە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵیان کۆببێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە، رایگەیاند”سەردانەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بۆ لای لایەنە تورکمانییەکان بە مەبەستی زیاتر دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی زیاترە لەگەڵ حزب و لایەنەسیاسییە تورکمانییەکان، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە”.
ئایدن مەعروف، رونیکردەوە”دروستکردنی ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ پێکهاتەکان بۆ ئەوەیە، کە پشتگیری زیاتر دروستبکرێت بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان، کە زۆر گرنگە بۆهەرێم، هەروەها بۆ ئەو پڕۆژانەش کە رەهەندی نیشتمانییان هەیە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەجیا سەردانی هەریەک لە لایەنە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.