نێچیرڤان بارزانی واژۆ له‌سه‌ر یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ ئێزییه‌كان دەکات

0

نوچە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، واژۆی له‌سه‌ر یاسای تایبه‌ت به‌ ئێزییه‌كان و دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یان كرد.

دوای دیاریکردنی ٣ـی ئاب وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە ١٥-٩-٢٠١٩) سەرۆکی هەرێمی کوردستان “بۆ زیندووڕاگرتن و رێزلێنان لە قوربانییەکان”، بڕیارەکەی واژۆکرد و ٣ـی ئابی وەکو ڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ناساند. 

بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەرکردووە، پشت بە حوکمەکانی بڕگەی ١ـی ماددەی ٥٦ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – عێراق ژمارە ١ـی هەموارکراوی ساڵی ١٩٩٢ و بڕگەی یەکەم لە ماددەی ٧٧ لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبەستێت کە لە پێنج بڕیار پێکهاتووە. 

لە بڕیارەکاندا هاتووە: ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی دەرهەق بە کوردانی ئێزدی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوی داعش ئەنجامدراون، تایبەتمەندی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لەخۆدەگرن. دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کۆماری عێراقیش بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ئەستۆ دەگرن. 

٣ـی ئاب وەکو رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دیاریدەکرێت و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن. کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکیش ناکرێت لەگەڵ حوکمەکانی ئەو بڕیارە ناکۆک بن. 

بڕیارەکەش لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) جێبەجێدەکرێت.

لە هۆیەکانی دەرچواندنی بڕیارەکەشدا هاتووە، بڕیارەکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دابینکردنی ماف و ئیمتیازات و قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و رێزلێنان لە قوربانییەکان ئەو بڕیارە دەرکراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com