نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو دۆخە سەربازییەی لە کەرکەک هەیە تائێستا هیچ ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـوە دۆخی پارێزگای کەرکوک دۆخێکی سەربازی بەسەریدا زاڵە و تائێستا ئاسایی نەکراوەتەوە، دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک ڕێککەوتن لیژنەیەک لە نێوان هەموو لایەنەکانی کەرکوک دروستکراوە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە و چەند جارێکیش لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆیان کردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فواد حوسێن کوێخا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی لیستی برایەتی لە پشکی پارتی، رایگەیاند “تائێستا هیچ ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە نائاسایی و نادەستوورییەی، کە لە کەرکوکدا دەگوزەرێت و تائێستا ئاسایی نەکراوەتەوە و بەردەوامی هەیە”.
ئەندامەکەی لیستی برایەتی گوتیشی “ئێمە چاوەڕاوانین هەنگاوی دروست بنرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت، چونکە دوو پڕۆسەی گرنگ لەبەردەم ماندا هەیە، کە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرژمێری کردنە، بۆیە ئەگەر زووتر ئامادەکاری بۆ بکرێت باشترە”.
فواد حوسێن ئاماژەی بەوەکرد، کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیستحقاقی کوردە، هەر کەسێک، کە دەبێتە پارێزگار رەنگە قورساییەک لەسەر شانی دروست بێت. دەشڵێت “پێویستە هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنەکاندا هەبێت، تاکو ئەو بارۆدۆخە سەربازییەی لە کەرکوکدا هەیە کۆتایی پێبهێنرێت، بۆئەوەی هەرکاتێک هەڵبژاردن بکرێت دەسەڵاتێکی مەدەنی لە پارێزگاکە ڕۆڵی هەبێت”.