نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە ڕایدەگەی]نێت، کشانەوەی یەکێتی لە رێککەوتنی لایەنەکانی هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، کاریگەری زۆر خراپی دەبێت.
ماوەی پێنج ساڵە، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە نەتوانراوە ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنرێت، بەڵام {ۆژی دووشەممە ٢-٩-٢٠١٩، لە کۆبوونەوەیەکدا لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا یەکێتی لەڕێککەوتنەکە پاشگەزبووەتەوە. ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بەمیدیاکانی راگەیاندبوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەرێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە کشاوەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بخاتەڕوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە، سەبارەت بە کاریگەری کشانەوەی یەکێتی، رایگەیاند”کشانەوەی یەکێتی لە رێککەوتنی نێوان لایەنەسیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر پارێزگاکە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە هەڵەبجە بەبێ ئەنجوومەنی پارێزگا بمێنێتەوە”.
بەرپرسەکەی پارتی لە هەڵەبجە جەختی لەوەکردەوە کە”یەکێتی نیشتمانی پێشتر واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، بەڵام ئێستا پاشگەز بوونەتەوە لەو رێککەوتنەی کە خۆیان و ئەوان تاکە لایەنن کە دەکشێنەوە، بۆیە تا ئێستا سەرجەم ئەو لایەنانەی واژۆیان کردووە لەسەر رێککەوتنەکە پابەندن بەرێککەوتننامەکەوە”.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە کرابوو، یەكێتی ٦ كورسی، گۆڕان ٥ كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی ٤ كورسی، پارتی ٣ كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی ٣ كورسی، بزووتنەوەی ئیسلامی ٢ كورسی، سۆشیالیست و حزبی شیوعی ١ كورسی و كاكەییەكان ١ كورسی.