نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو دۆخە عەسکەرتارییەی لە کەرکوک، هەیە. تائێستا هیچ ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، وێڕای دروستکردنی لێژنە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکەو، هەبوونی گفتوگۆ لەنێوان یەکێتی و پارتی، تا ئێستا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا کە سەر بە پارتین نەگەڕاونەتەوە کەرکوک.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد حوسێن کوێخا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی لیستی برایەتی لە پشکی پارتی، رایگەیاند”تائێستا هیچ ئەندامێکی پارتی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، هۆکارەکەشی بۆ ئەو دۆخە نا ئاسایی و نا دەستوورییە دەگەڕێتەوە، کە لە کەرکوکدا دەگوزەرێت و ئاسایی نەکراوەتەوە و بەردەوامی هەیە”.
ئەندامەکەی لیستی برایەتی، دەڵێت”ئێمە چاوەڕوانین هەنگاوی دروست بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە بنرێت و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت، چونکە دوو پڕۆسەی گرنگ لەبەردەم ماندا هەیە، کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرژمێری کردنە، بۆیە ئەگەر زووتر ئامادەکاری بۆ بکرێت باشترە”.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیستحقاقی کوردە، هەر کەسێک کە دەبێتە پارێزگار ڕەنگە قورسایییەک لەسەر شانی دروست بێت، بۆیە”پێویستە هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنەکاندا هەبێت، تاکو ئەو بارۆدۆخە عەسکەرتارییەی لە کەرکوکدا هەیە کۆتایی پێبهێنرێت، هەرکاتێک هەڵبژاردن بکرێت دەسەڵاتێکی مەدەنی لە پارێزگاکە ڕۆڵی هەبێت”.